خالید ڕەشید

دەنگی ئاسمان

بە دەنگی: خالید ڕەشید
شێوەزار: سۆرانی
36
دەمێ فێنکترین بایە
تۆوی خۆشیی ئەم دنیایە
لە هەردوو گوێما دەچێنێ
دەمێ مناڵێ لاسارە
بووکەواڵەی خەم و داخم
تێک ئەشکێنێ

دەمێ هەوری نەوبەهارە
چی گوڵاڵە و نێرگز هەیە
بۆمی دێنێ

لەم جیهانەی کە وا نوقمی
کە وا نوقمی شەوەزەنگە
لەم جیهانەی کە خڵتانی
زام و مردن و ئاهەنگە
لەم جیهانەی کە وا کاسی
دەنگی گۆرانی و تفەنگە
لەم جیهانەی کە گشت شتێ
نوقمی ژەنگە
دەنگی تۆ خۆشترین دەنگە

کە گوێم لە دەنگی تۆ دەبێ
تەم و مژی زستان ئەبێ بە خۆرەتاو
کە گوێم لە دەنگی تۆ دەبێ
باران ئەبێ بە هەزاران شووشە گوڵاو

کە گوێم لە دەنگی تۆ دەبێ
دڵم دەبێ بە فەرهەنگی
بە فەرهەنگی هۆنراوەی شەنگ
سەرم دەبێ بە لافاوی
سەدان هەزار خۆزگەی بێدەنگە

دە بۆم بدوێ دە بۆم بدوێ
با بتنۆشم تێر تێر بە گوێ
دە بۆم بدوێ دە بۆم بدوێ
بدوێ بدوێ بدوێ بدوێ
با لە بێشکەی سۆزی دەنگتا
گیانی ماندووم تێر تێر بنوێ