[ئەمڕۆ نیشتیمان لەسەر جادەی سەهۆڵەکە خۆی کردبوو بە فریشتە و
دەمامکی یەکێک لە پاکیزەکانی بەستبوو
لە پڕێکدا ژنێکی ڕەقەڵەی ڕەشتاڵەی ناو ئەنفال هات و
بە دوو پەنجە دەمامکی خستە خوارێ و
ئەوسا ئیتر لە هەردوو چاوی و
هەردوو کونەلووتی و دەمیەوە
تۆپەڵ تۆپەڵ، کرم و قالۆنچە و سیسرک و ملە و هەزارپێکان هاتنە دەرێ!
بەیانیت باش من ناوم 'قەڵەم'ە
لە ناو پەنجەکانی 'با'یەکی گەنجدام
خاوەنەکەم هەمیشە هەتاوم پێ ئەنووسێتەوە
ئەو سڵ لە هیچ تارماییە و
لاستیکێکی خەتکوژانەوەی مقەستەکان ناکاتەوە
من هەندێ جار کە ئەو پێم ئەنووسێت دڵم ئەکەوێتە خورپەخورپ
نایشیشارمەوە ئەترسم!
چونکە ئەو یان دەمامکی شاخێکی گەورە هەڵئەداتەوه
یان چنگ ئەنێتە چنگی ڕەشەبایەکی دڕ
ئەم خۆی 'با'یەکە بە جەستە لاواز و
خەڵکی کۆڵانێکی لاتە و
نە هۆزی خەنجەری لەگەڵدایە و
نە عەشیرەتی پەیکوڵ و
نە حزبی قوڕقوشم
تاق و تەنیا وەک پەلکەگیا وایە
یاخود وەکوو پەڕەسێلکەی شیعر یان کەروێشکێکی ناو چیرۆک دێت و دەچێ
'با'یەکە هەگبەیەکی بچووکی هەوری داوە بە شانە سپییەکانیا و
خێرایەتی و کەوتۆتە ڕێ
'با'یەکە و یەک ماڵی نییە و
هەرچی ئازارە ماڵێتی
ناو بە ناوێ لە ناو ستوونی بێزاریی ڕۆژنامەیەکی ئازادا
دائەنیشێ یاخود هەڵئەسێتە سەر پێ و
لە ستوونەوە باز ئەدا و ئەچێتە ناو کوێرەوەری و ئەشکەنجەوە و
لەدواییشدا پرشنگ و باران ئەنووسێ لەم ستوونە باریکە
لەو ڕۆشنەدا بە دار و بەرد و باخچەوە
بە پاییز و بە خونچەوە
بە دارسێوی هەڵەبجەوە
هەموومان جێمان بۆتەوە
هەموو جارێ ئەو ستوونە بچکۆلەیە جادە چاوەڕوانیی ئەکات هەتاکو دێ
هەموو جارێ ئەم قەڵەمە گرێی وشەی ناو دڵی خۆی
بۆ کاغەزێ، بۆ گەڵایێ، بۆ پەپوولەیەک، عاشقێ، ئەکاتەوە و
پێیان ئەڵێ: لە ڕاستیدا من دەنووک و لەسەر و لە قەڵەمدان و لە دێڕم دڵنیا نیم
چونکە لەوانەیە ڕۆژێ لە باوەشی کاولاشێکی دوورەدەستی بێ ئەدرەسدا
یان لە سیلەی کۆڵانێکی کوێرەمووشەی ئەم شارەدا
یاخود لەسەر کورسیی خەمی چایخانەیەک
یان لە پیاسەی ئێوارەیەکی کەرکووکدا
وەختێ شیعرم وەکوو 'سۆران' تاق و تەنیا ئەچێتەوە بۆ ماڵەوە...
یان لە ناو خواردنی پاروویەکی بەر عەرەبانەی دەستیدا...
یان ئەو وەختەی کە دەستی منداڵەکەم گرتووە و ئەیبەم بۆ شاری یاری و
بۆ سواریی کورسی
کورسی بە یەکەوە هەردووکمان ڕەوانەی قیامەت و
شاری مردنی خوا بکەن دڵنیا نیم
سەرنیا نیم...
ڕۆحنیا نیم
چونکە ئاخر سەرپەڕاندن!
لە پێچی ئەم مێژووەدا لە تەمتومانی ڕۆژە و ئەم دەورەدا لە گێژاوێکی... مەلادا
لە زریانێکی فەتوادا
سەرپەڕاندن لە تێکردنی پەرداخی ئاو سووکترە
لە گرێدانی قەیتانی قۆندەرەیەک ئاسانترە
لە بڕیاری سڕینەوەی وشەیەکیش خێراترە
ئاخر سەربڕین لە ناو ئەم حیکایەتی غەدرانەدا
لە هەڵپچڕینی سەری بۆتڵێکی بادە ڕەحەتترە!
ئەم نیشتیمانە نیوەڕۆوان کە ئەیبینی خۆیمان لێ ئەکا بە 'گاندی' و
لە شەویشدا 'بۆکاسا'یە و بە بەیانیان سۆفییەکەی نوورانیە و
ئێوارانیش جلی 'بارق' و 'حەجاج'ی لەبەردایە!
بە ڕۆژ ئەو درەختی شیعرە و بە شەو تەورە
بە ڕۆژ تیرێژی هەتاوە و بە شەوقەکەی شەوەزەنگە!]
شەوی ڕابردوو نەنووستم
ئەوەندە نانی شەل و کوێری ئەم وڵاتە یەخەی گرتم
شەوی ڕابوردوو نەنووستم
ئەوەندە سکاڵای: گەڵای غەدر لێ کراو
پۆلە چۆلەکەی برسی، پۆلە شەپۆلی تینوو
پۆلە گوڵی چاو بە فرمێسک و
ڕەوەئەسپی ماندوو هاواریان لێ کردم
"ئەو وەختەی نیشتیمان گوێ لە دارستانە غەدر لێ کراوەکان ناگرێ
ئیتر دار و بەرد بیر لە حاشاکردن ئەکەنەوە
ئەو وەختەی نیشتیمان چاوی خۆی لە ئاست ئەو هەموو لاشەی غەدرە ئەنووقێنێ
ئازارەکان بیر لە بەهارێکی سوور ئەکەنەوە
ئەو وەختەی نیشتیمان چاو لە دزەکان ئەپۆشێ
دزەکان بیر لە دزینی خودی نیشتیمان خۆی ئەکەنەوە!
ڕۆژتان باش
من ناوم قەڵەمە و لە باخەڵێکی ئەمیندام
ئێمە هەزاران هەزارین و هەموویشمان ناومان قەڵەمە
بۆ ئەوەی لە یەکتر جیامان کەیتەوە ئەبێ
یەکە یەکە تەماشای چاوی وشەکانمان و
دڵی وشەکانمان و
ڕەنگی وشەکانمان بکەیت و
لەمانەیش گرنگتر تەماشای هەنگاوەکانمان بکەیت
هەموومان ناومان قەڵەمە و بەڵام هەریەکە و لە باخەڵێکایە
قەڵەم هەیە لە باخەڵی سامانایە
قەڵەم هەیە باران پێی ئەنووسێ
قەڵەم هەیە وا لە پەنجەکانی گوڵەبەڕۆژەدا
قەڵەم هەیە بە دەستی تۆڵەوە
قەڵەم هەیە لە خێڵی خوێنە یان لە هۆزی شمشێر
قەڵەم هەیە سەری پڕە لە بەفر
قەڵەم هەیە دڵی پڕە لە پەپوولە
قەڵەم هەیە گیانی پڕە لە دڕکەزی
قەڵەم هەیە و هەیە و هەموویشیان ناویان قەڵەمە!
ئەم نیشتیمانە قەڵەمێکی هەیە چەند نووکێکی ڕەنگاڵەی پێوەیە...
بە ڕەش ئەنووسێ ئازادی مێ و بە سووری نێر ئەیکوژێنێتەوە
بە مۆر ئەنووسێ یەکسانی و بە شینی خێڵ ئەیکوژێنێتەوە
بە سەوز ئەنووسێ دادپەروەری و بە قاوەیی حیزب ئەیکوژێنێتەوە
ئەم نیشتیمانە ئەگەر زانی بەڵێنێکی داوە و بەڵام بەڵێن بۆی بووە بە لەمپەڕ
ئەوسا ئیتر ڕۆژ و مانگ و ساڵ ئەگۆڕێ و بێباک... بێباک
ناوەکەی خۆی چز ئەکات و ئیمزاکەی خۆی ئەکوژێنێتەوە!
[قەڵەمەکەم ئەم بەیانییە بەر لەوەی چۆلەکەکان لە خەو هەستن
ئەو هەستابوو
لەسەر جادە سپییەکانی کاغەزەکەی بەردەمی شپرزە و بێ ئارام لە هاتووچۆدا بوو
دەمێک خاو ئەڕۆیشت و دەمێ خێرا
هەندێ جار دائەنیشت و هەندێ جار ڕائەوەستا
قەڵەمە بە گومانەکەم پێی وتم: تۆ نازانی من چ نووکێکی دڕدۆنگ و ڕاڕام هەیە
تۆ نازانی من چەند جار ئەبێ تاقەوشەیەک ئەمدیو و ئەودیو پێ بکەم
لەمسەری خەیاڵەوە تا ئەوسەری شیعر بیهێنم و بیبەم تا بڕوای پێ بکەم
قەڵەمە بە گومانەکەم کۆمەڵێ پرسیاری لەبەردەمدا هەڵڕشتم
باشە تۆ چوویتەتە دەرەوە ناو ئەو هەموو ئاپوورەی ژان و زامانە!؟
لێت پرسیون: ئەی ئەوان ئەڵێن چی و ناڵێن چی!؟
چییان ئەوێ و چییان ناوێ!؟
بۆیە منیش هەر ئەمڕۆ لە ماڵەوە و لە کۆڵان و
لە گەڕەک لەسەر جادەکان کەوتمە پرسیار کردن و چاوپێکەوتن
بۆ ئەوەی بە زووترین کات سەرەنجامی ڕاپرسییەکان بگەیەنمەوە قەڵەمە بە گومانەکەم
لە دارتووە ماندووەکەی حەوشەکەی خۆمانەوە دەستم پێ کرد
چوومە بەردەمی، بۆی نوشتامەوە بەڵام من هێشتا دەمم نەکردبووە
بە دەنگێکی وشکەوە هاواری کرد: ئاو
چوومە لای قوڵینە پیرێژنە بێ هەناوەکەی هەیوان
هێشتا من نەموتبوو ڕۆژ باش
ئەو بە دەنگێکی لەرزۆک و کزەوە وتی: نان
پشیلە نەخۆشەکەمان خۆی هات بۆ لام و
لاملی تێ هەڵسووم و میواندی: دەرمان
پەنجەرە پیرەمێردە دەم و ددان شکاوەکەمان
مقەباکەی سەر دەم و چاوی لابرد و وتی: شووشە بۆ ڕوخسارمان
لەو دیویشەوە کۆڵانە سەرتاپا قوڕاوییەکە بە دەنگێکی باریکەوە
لە ناو لیتاوێکەوە سەری دەرهێنا و وتی: چەوولم
تابلۆی سەر ناوچەوانی قوتابخانەکەی نزیکمان
تووڕە تووڕە کەوتە تەق تەق و قیڕاندی: مامۆستا بۆ وانەکان
پۆلێ چۆلەکە بە دەم فڕینەوە هاواریان ئەکرد: هێلانە... هێلانە
ڕەوە جوانوویەک بە دەم غارەوە ئەیانحیلان: کار... کار
کۆمەڵە مەمکەمژەیەک لەبەر پەنجەرەی ژوورەکانی گەڕەکەوە ئەکڕووزانەوە و ئەیانوت: شیر... شیر
ڕەوەمامزێکیش لە ناو شیعرێکمەوە هاتنە دەرێ و
بە دەم باڕژنکردنەوە ڕوویان کردە ئەو دەشت و دەرە و
ئەیانوت: ڕووناکی
لە ناو ڕۆمانی هاوڕێیەکیشمەوە
هەرچی دار و بار و گوند و شار و شارۆچکە هەیە هەستانە سەر پێ و ئەیانوت: بەختەوەری!
وەختێ ئاوڕم دایەوە ئاپوورەیەک: لە مێروولە تا پڵنگ تا کەروێشک و
تا باڵندەکان کەوتبوونە داوم و
منیش ئەچوومەوە بۆ لای قەڵەمە بە گومانەکەم!]
ئەم نیشتیمانە پیرە ئەوەتەی هەیە ددانی بە یەک گوناهی خۆیدا نەناوە
قەت نەیوتووە: یەک جۆگەی لێڵم هەبووە یان ئاوێنەیەکی درۆزن
یەک گوڵی سیسم هەبووە یان بۆنێکی ناخۆش
یەک ئەسپی نەخۆشم ڕاگرتووە یان جارێ گلاوم
یاخود ئەو بەڵێنەم کوێر بوو
ئەو مێژووەم شەل و گێڕ بوو
نا... نا ئەم نیشتیمانە پیرە
ڕۆژێ لە ڕۆژان نە خوار و خێچ ڕۆیشتووە و
نە سەرسمێکی داوە و
نە قسەیێکی پیس و پۆخڵی کردووە!
نا... نا...
ئەو بەردەوام خودا بووە!
[من ناوم قەڵەمە و نووکێکی سەربەستم هەیە
ستوونەکەم کردووە بە بۆینباخێک و
هەموو ڕۆژێ ملی نیشتیمانی پێ ئەجەڕێنم
کردوومە بە ئاوێنە و ئەیبەمە بەردەمی بۆ ئەوەی گەڕ و گولیی ڕوخساری ببینێ
ئەیدەم لە چاوی بۆ ئەوەی بە شەوارەی شەهیدان بکەوێ]
ئەم نیشتیمانە باوکێکی ئێجگار گەوجە
گەر پانتۆڵێ بۆ کوڕەکەی خۆی بکڕێ
ئەبێ لە ڕۆژنامەدا بینووسێ و
لە 'تێ ڤێ'شدا پانتۆڵەکە نیشان بدرێ!
لە ڕادیۆا باسی بکرێ و
لە دواییشدا بکرێ بە ڕیکلام و کتێب!
گەر کراسێ بۆ کچەکەی خۆیشی بکات
ئەبێ کراسی ژنانی ئەم دنیایە پێی بزانن و
باخچەی گشتی بە هەردوو دەست هەڵیبڕێ و
لەسەر ئەم جادەی سەهۆڵەیش هەڵبواسرێ!
ئەم باوکە چەنەبازەی من
ڕۆژی دەیان جار پێم ئەڵێ: چەترێکم بۆ شیعرەکانت دروست کردووە
بۆ ئەوەی لە هاوینا سێبەریان بۆ بکات و لە زستانیشا تەڕ نەبن
جادەیەکم بۆ چیرۆکەکانت قیرتاو کردووە
بۆ ئەوەی ئیتر قاچیان لە چاڵ و چۆڵی هەڵنەنووتێ
نەخۆشخانەیەکم بۆ وشەکانت کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر نەخۆش کەوتن
بە پەلە چارەسەر بکرێن
هەروەها چەندین مزگەوتی تازەیشم بۆ دروستکردووی تا لە خوا دوور نەکەویتەوە
گەورەترینیان ئەو مزگەوتەیە کە لووتی چۆتە ناو هۆڵی هونەرەوە و
ڕۆژی پێنج جار بەسەر مۆسیقا و گۆرانی و شیعردا ئەپژمێ و
لووتیشی بە پەردەی شانۆکە ئەسڕێ!
ئەی باوکە گەوجەکەم!
تۆ تاقەباوکی کە منەت بەسەر کوڕ و بەسەر کچت و
بەسەر شەقام و بەسەر درەخت و
بەسەر گردی زیندووان و شەهیدان و
بەسەر باخچە و بەسەر بولبول و پارکەکانی خۆتا بکەیت!
[لە بیرتە ئەو ساڵە لە جێگەی دەستێکی قرتاوت
دەستێکی دەستکردم بۆ هێنایت
باشتریش لەو دەستەی کە هەتبوو
بیرت چوو!؟
ئەو ساڵەی نەخۆشییە قورسەکەت گرتبوو
هەموو ڕۆژ چەند جارێ بە کەوچک دەرمانم ئەکردە دەمتەوە و
چەند شەویش لەسەر یەک من ئێشکی لەرز و تای تۆم گرت و ئەنووستم
پێم ناڵێی چیت هەبوو!؟
چەند قلێ لە شیعری سیسەڵەی گیرفان و
باوەشێ کتێبی ناقۆڵن و قەڵەم و لاستیکێ و لەوانە بەولاوە چیت هەبوو!؟
هەتاکو ساوایش بوویت، هەڵتەکیم، داتەکیم
ئەوەندە لەو شیری 'نیدۆ'یەم بۆ کڕیت!؟
لە بیرتە بۆ ئەوەی پێبکەنیت چی نوکتەی دنیایە بۆم کردیت!؟
لە بیرتە بۆ ئەوەی دەرکەویت کڵاو و جامانە و مشکییەکەی خۆم داگرت دامێتی... بیبەستیت
تۆ چی بوویت!؟ هیچ نەبوویت...
کیلۆیەک لە گۆشت و ئێسقانی بێکەڵک بوویت
من گەورەم کردیت و... کردمیت بە پیاو و ژیایت و نەمردیت!
بەیانیت باش من ناوم'کەڵەشێر'ە و خەڵکی 'مەڵکەند'یم
چەندین ساڵە پاسەوانم و بەیانیان زوویش بۆ ئەم گەڕەکە ئەخوێنم
لە مێژووی ڕاژەڕبویشدا تەتەر بووم و
چەندین نامەی نەهێنیم لێرەوە گەیاندۆتە ئەشکەوتەکان
بەڵام ئێستا دەنگم نووساوە
تووتییەکی دوکتۆر پێی وتم لە گەرووتا گرێیەک دروست بووە
چارەسەرت لە دەرەوەیە
منیش چەندین سکاڵانامەم گەیاندە کەڵەشێرە گەورەکان
کەچی سەیر ئەوەیە دوێنێ دوکتۆرە تووتییەکە پێی وتم نەگبەت! تۆ وا دیارە ئاگات لە هیچ نییە
بەر لە چەند ڕۆژێ لە جێگەی تۆ مریشکێکی ساغ و سەلیم و جوانیان نارد بۆ هەندەران]
ئەم کاتەو باش
من ناوم 'کرمی ئاوریشم'ە
خەڵکی 'کوڕەکاژاو'م
خۆم و دایکم و باوکم و خوشکەکانم شەو و ڕۆژ خەریکین ئاوریشم دروست بکەین
بەڵام ڕەنج بە خەسارین
سیسارکە کەچەڵەیەکی ئەم ناوە لەگەڵ کۆمەڵێ قەلەباچکەی پۆلیسا
هەموو مانگێک ئەگەنە سەرمان و چیمان دروست کردووە ئەیپێچنەوە و
ئەیخەنە ژێر باڵیان و ئەیبەن
[مامزێکی سپی وتی: هۆ نیشتیمان لە ئێستەدا تۆ بە قەد بەڕەیەکی کۆن و دڕاو یان
ئاوێنەیەکی شکاو یان تەنەکەیەکی نەوتی بەتاڵ یان
جامێکی قوپاو و قوتیلەیەک خۆشەویست نیت
نە جارێک و نە دوو و نە سێ و نە بیست دەستی ئێمەت کردووە بە زاخی درۆکانتا
وشەی 'جوانی' نازانێ بچێ بۆ کوێ!؟
ناوێرێ بچێتە دەرێ نەبادا لە ناوی بەرن
وشەی 'هەق' بێ سەر و شوێنە و دەمێکە کەس نەیبینیوە
وشەی 'ئارام' ئەڵێ تاقەتم لێ بڕاوە
ڕەنگە لەم وڵاتەدا ئیتر ناوی خۆم بگۆڕم بە 'ناکام' بەڵام
وشەی 'غەدر' هەموو ڕۆژ لەبەر دەرکی سەرایە و
پیاسە ئەکا و پڕ بە شاریش پێئەکەنێ
کڵۆ تەباشیرێ وتی: هۆ نیشتیمان بۆ ئەوەی بە ڕاستی ببی بە نیشتیمان
ئەبێ لەسەر و ملەوە بۆ بەرەوخوار
خۆت، خۆت هەڵوەشێنیتەوە
ئەبێ بارانێکی تر لە ناوتا دا بکات و
'با'یەکی ترت تیا هەڵکا و سووتانێکی دیکەی جیاواز بتکا بە قەقنەسی چیا
نووکی قەڵەمێکیش ئەیوت: ئەی نیشتیمانە نووستووەکەم!
من دەرزیئاژنی جەستەت ئەکەم
هەتا هەڵسیتە سەرپێیان و ببی بە سێڵاو و زریان
چی پاشماوەی ئەم دیرۆکە ڕزیوەیە بە دار و پەردووی درۆوە هەمووی لەگەڵ خۆتدا بەری
بەڵام تا تۆ ئەوە نەکەیت
نە دار ئەهێڵێ بسرەوی و
نە بەرد لێت ئەگەڕێ هەناسە بدەیت و
نە ماڵ جێگەت ئەکاتەوە و نە جادەیش بە سەریا بڕوێت
ئەی نیشتیمانی بێ گوێچکە
وائەزانی ئەم تووڕەبوونە هەر تووڕەبوونی سەری خۆمە
لە پێشدا تووڕەبوونەکان لە شێوەی دڵۆپ دڵۆپی بچووکدا... چکە چکە... دائەدەن و دێنە خوارێ...
هەر دڵۆپەی لە بێزارییەکەوە
دڵۆپێک لە گەرووی شیعرێکی زیندانییەوە
یەکێکی تر لە چاوی پرسیارێکی ماندووەوە
ئەوی تر لە ژێی پچڕاوی گیتارێکەوە
ئەوی تریان لە بنج و بێخی پرچێکی بڕاوەوە
یەکێکی تر لە قیژەی گۆی مەمکێکەوە
یەکێکی تریش بە بنمیچی خەفەتێکی گەنجەوە تاد تاد تاد...
ڕەنگە ئەو دڵۆپانەیش یەکتری نەناسن
بەڵام لە دواییدا هەموو یەک ناو بۆ خۆیان هەڵئەبژێرن و ئەبن بە سێڵاو!
ئەمەی ئەینووسم شیعر نییە...
خۆڵەمێشە
چیرۆک نییە...
زوخاوڕێژە
شانۆ نییە...
دیالۆگی نێوان زامەکانە
تابلۆ نییە...
جەستەی منداڵی نەخۆشە لە باوەشی برسێتیدا
لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
ئەگەرچی لێرە وەستاوم بەڵام من هەوری مەراق و
'با'ی پرسیاری ئەم وڵاتەم
هەموو ڕۆژێ چەندین کەڕەت ئەبمە هاواری غوربەت و
لە سینەتاندا هەڵئەکەم
هەموو شەوێ چەندین کەڕەت ئەبمە بارانی قەسیدە و
بەسەر خەمتاندا دائەکەم
هەموو جارێ بە خۆم و ڕەنگی شەفەش و کلووی وشە و پەپوولەکانی ڕۆحەوە
یەکە یەکە سەر لە ماڵەکانتان ئەدەم
ئەبمە مۆم و لەسەر قەراغی پەنجەرەی ڕازەکانتان خۆم هەڵئەکەم
ئەگەرچی لێرە وەستاوم بەڵام من لە لای ئێوەیشم لە هەر کوێ بن
منیش لەوێم لە ڕێ و باندا
من قاچتان و من هەنگاوی سۆراختانم و
لە سەلام و خۆشەویستیی و کارکردندا
من پەنجەکانی دەستانم و لەگەڵتانم و سێبەرتانم
بۆ منداڵان من پێکەنینی نوقڵێکم و
بۆ کوڕەکان من گۆرانی قەڵەمێکم
بۆ کچەکان لەنجە و لاری گیتارێکم و بۆ پیرەکانیش گۆچانم!
ئەگەرچی لێرە وەستاوم بەڵام چاوم وا لە چاوی هەمووتاندا و
دەنگم دەنگی کسپەتانە و ڕەنگم ڕەنگی خولیاتانە و بۆنم بۆنی سکاڵاتان!
ئەم جادەیە جادەی بە بادانی شیعرە
وەکوو بە بادانی خەم و
ئەم سەهۆڵە سەهۆڵی هەناسەی ساردی ئەو نەوڕەسانەن ئێواران مل هەڵئەسوون
لە ناکامی و لە یەکتری و عەشقیش ئەکەن بە سترانی سپی لێرە!
لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
لە سێگۆشەیەکی شوومدا
ڕاوەستاوم ئاخ... ئاخ... ئاخ... ئەمڕۆ یادی نەگەڕانەوەی نەورەسێکی وێنەکێشە
یادی دوافڕینی... دوا شەقژن و باڵلێکدانی... دوا تەماشای ڕەنگەکان لێرەدا بوو
دواهێڵ و دوافیگەر و دواهەناسەی فڵچەکەی تێکەڵ بە بێدەنگی بوون
من ئێستا ئەمەوێ بە نیشتیمانی زەینکوێر بڵێم: لە بری ئەوەی تۆ ناوی ئەو هەموو
نەوڕەس و پەپوولە و باڵندە کۆچکردووانەمان بیر بخەیتەوە چەخار!
ئێمە بیرت ئەخەینەوە ناوی ئەو ئازارە لە بیرکراوانەی
ئەو پرشنگە لە بیرکراوانەی
ئەو عەشقە لە بیرکراوانەی ڕۆژانێ بوو تۆ بەوانەوە جوان بووی بەوانەوە ئەشنایتەوە...
ئەمەوێ ڕووبەڕوو پێی بڵێم: کە تۆ نەوڕەسە سەوزەکەی چاوانی خۆت بیر نەمابێ
وا باشترە هەر بە پێی خۆت بچیتە ناو ئەو دەریاچەی 'شەرمانەوە'
کە دەم و چاوت ڕشتوونی تا ئەخنکێی
لە سەرێ ڕا
لە لای خواوە لە دەربەندێکی نوورەوە بە شەو
'با'یەکی زۆر غەمبار هێواش هێواش، کزە کزە... بەرەو گۆڕستانی گەورە دائەگەڕێ و
یەکە یەکە 'لەبیرکراوان'ی ئەوێ بانگ ئەکات و
هەر هەموویان هەڵئەسێنێ و
لەگەڵ خۆیدا بەرەو دامێنی گردەکە ئەیانهێنێ و
لە بەرایی ناو تەمێکی گوڵ گوڵیدا لەگەڵیاندا دائەنیشێ و بە ئەسپایی ئەیاندوێنێ
ئێوە لە بیر دەنگ چوونەوە
ئێوە لە بیر ڕەنگ چوونەوە
لە بیر دیرۆکی مرۆڤ و لە بیر وڵات چوونەوە
بەڵام لە بیر خوا نەچوونەوە
من ماچی خوا و من باوەشی دڵنەوایی تەنیای هەموو تەنیاکان و
غەریبیی گشت غەریبانی ئەم گەردوونەم بۆ هێناون!
بیرکراوان شیعریان تیا بوو
چاوی وشەیان هەر تەڕ بوو
ئاوازیان تیا بوو
حەسرەتیان هێشتا ئەفڕی!
بیرکراوان، ئەوانە بوون بە دەم بە دەست بە هەناسە بۆ ئەوانی دی دنیایان جوانتر کرد و
بەڵام خۆیان بە تەنها هەر نێڵەنێڵی دۆزەخەکەی ژیانیان دی!
ژیانتان باش من ناوم 'کێل'ە
کێلی گۆڕی شمشاڵێکی لە بیرکراوم
نیوەم شکاوە و بستێکم بە دەرەوە ماوە
باوەڕ ناکەم نە تۆ نە گرد و نە ئەو دارئەرخەوانانە و
نە هیچ ڕێبوارێ ئێمەیان هەر لە بیر مابێ
با بیرت بخەمەوە
ئەگەر تۆ خۆیشت نەیزانی ئەتوانی لە گومەزە گەورەکەی ئێرە بپرسی
'دایکی جەماڵ'* لە کوێد نێژراوە!؟
ئەو ڕۆژە نیشتیمان خۆی بە لامدا ڕۆیشت و
لێم هەڵنووت و کەچی نەشیوت مەرحەبا!]
دیمەنێکی شانۆیی: شوێن: سەر جادەی سەهۆڵەکە
کات: سەرلەبەیانی
دوو درەختی سەر شۆستەکە بە تەنیشت یەکەوە
لەولایشەوە پیاوێکی کەتە و چەکدار
دوورتریش کۆمەڵێ گەنج ڕاوەستاون
یەکەم درەخت ڕوو ئەکاتە دووهەم درەخت: تۆ ئەو وێنەکێشەت ئەناسی!؟
دووهەم درەخت: ئەی چۆن! کەم ڕۆژ هەبووە ئەگەر ئاو و هەوا خۆش بووبێ
سەرلەئێواران، نەهاتبێتە لامەوە و دەستێکیشی نەخستبێتە سەر شانم!
یەکەم درەخت: ئەی ئەزانی ئەمڕۆ چییە!؟
دووهەم درەخت: ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی سووری ئەوە!
یەکەم: لە مامزێکی سپیی ڕۆحسووک ئەچوو!
دووهەم: بەڵام خۆی سەوز بوو
یەکەم: ئەزانی لە بەردەمی مندا کەوت... ئەی تۆ ئاگات لێ نەبوو!؟
دووهەم: من چاوم لێ نەبوو
لەو کاتەدا نیشتیمان دروشمێکی پیا هەڵئەواسیم!
یەکەم: ئەی وێنەکانیت دیبوو!؟
دووهەم: هەندێکیان. چەند جارێک لەبەر چاوی من تابلۆکانی نیشانی هاوڕێکانی ئەدا...
ئەمە بەرلەوەی لە دواییدا لە مۆزەخانەکەی ئەوبەرەوە پێشانگایان بۆ بکاتەوە!
یەکەم: جاربەجار وێنەی ئێمەیشی ئەکێشا
دووهەم: بەڵام وەکو وێنەکێشە کۆنەکان نا... نا
ئەو وێنەی ڕۆحمانی ئەکێشا نەک ڕواڵەتمان
یەکەم: ڕاستە. ڕۆژێک نیشتیمان لای منەوە ڕاوەستابوو ئەیوت: من لەو وێنانە تێناگەم
دووهەم: ئینجا ئەو لە چی ئەگات!
یەکەم: وا خۆیشی بەرەو ئێرە هات
نیشتیمان لە شێوەی پیاوە کەتە و چەکدارەکەدا دێتە لایانەوە و ئەوەستێ
نیشتیمان: ئەوە چییە وا سەرتان ناوە بە سەری یەکەوە!؟
یەکەم: باسی ئەو وێنەکێشە ئەکەین کە لە ڕووداوێکی شوومی ئوتومبیلا لێرەدا کەوت بە دەما
نیشتیمان: ئا... ئا... شتێکی وام لە بیرە!
دووهەم: ئەتناسی؟
نیشتیمان: ئەی چۆن... ئەی چۆن... ئێ سەردار سەوز ناڵێن!؟
یەکەم: 'پێئەکەنێ' دە فەرموو! سەرداری چی!؟
سەروەت... سەروەت
نیشتیمان: ئا... ئا... نا... ببوورن... بە ڕاستی ئەوەنە سەرم قاڵە
خەریکم ناوی خۆیشم بیر ئەچێتەوە
دووهەم: ئەی وێنەکانیت دیبوون!؟ بە لاتەوە چۆن بوون!؟
نیشتیمان: بە ڕاستی زۆر کەم. بەڵام من تێیان نەئەگەیشتم
(بە پێکەنینەوە) جارێکیان وێنەی پیاوێکی نیشاندام
سێ چوار دەم و چاوی هەبوو...
ئاخر مرۆڤ چۆن سێ دەم و چاوی هەیە!؟ ها... وا نییە!؟
دووهەم: بۆ نا!؟ ئێمە ڕۆژانە تۆ ئەبینین لە سێ چوار دەم و چاو زیاتریشت هەیە!
یەکەم: ئەمە ڕاستە
من ئەو ڕۆژە لە کردنەوەی بازاڕێکی گەورەدا تۆم بینی چوار دەم و چاوت هەبوو
دەم و چاوێکی کوردی و یەکێکی تورکی و یەکێکی فارسی و یەکێکی عەرەبی
نیشتیمان: شتی وا نییە. ئەوە هەر چاوی ئێوە وام ئەبینن!
دووهەم: ئەو ڕۆژە هەر لێرەدا بوو باسی بەڵێندەرێکی دەوڵەمەندی ئەم شارە کرا...
تۆ ناوی خۆی و باو و باپیری و ڕەچەڵەکیت هەر هەموویت ئەزانی، لەبەرت بوون
تەنانەت ناوی دایکی و نەنکی نەنکیشی... کەچی...
(یەکەم بۆی تەواو ئەکات) کەچی ناوی شەقامێکی گەورەی ناو دنیای هونەری ئەم شارە نازانی!؟
(نیشتیمان: ئەشڵەژێ) سەرقاڵی... سەرقاڵی...
ببوورن ببوورن... من ئەبێ بڕۆم...
چونکە تۆزێکی تر پێویستە بەردی بناغەی "کۆمپانیای ئازادی" دابنێم (ئەڕوات)
دووەم: توخوا ئەمە نیشتیمانە!؟ یان موقاویل!؟
یەکەم: باشتر با بڕوات!
دووەم: ئای کە ڕۆژێکی غەمگینە... ڕۆژێکی ڕەنگ خۆڵەمێشیی...
یەکەم: چ زیانێکی گەورە بوو!؟ بۆ ئەم شەقامە و بۆ ئێمەو بۆ هونەر و بۆ جوانی و بۆ هەموو دنیایش!
دووهەم: ئەی ئێمە ئەمڕۆ چی بکەین!؟
یەکەم: سەرلەئێوارەو هەر لێرەدا ساڵیادێکی گەورەی بۆ ئەگێڕین...
ئەو گەنجانەیش هەر هەموویان لەگەڵمانن...
دووهەم: من بە نیازم پەخشانێکی بە گەڵاوەریوەکانم بۆ بنووسم!
یەکەم: من شیعرێکم بۆ نووسیوە. درێژ نییە...
ئەگەر بێزارت نەکەم هەر ئیسا حەزئەکەم بۆت بخوێنمەوە!
دووهەم: بە گوێچکەی دڵی هەموو گەڵا و پژوپۆیەکم گوێت لێ ئەگرم
یەکەم: شیعرەکە ئەخوێنێتەوە. گەنجەکانیش دێنە لایەوەو ئەوانیش گوێ ئەگرن
[لە دامێنی وەنەوشەیی ئەم خەمەدا... ئەمڕۆ چڵ و لق و گەڵام هەر هەموویان یەکە یەکە و گۆپکە... گۆپکە خۆیان بە زەرد داپۆشیوە و چاویان پڕ لە ئەسرین سەوزە! ئەی 'با'ی حەسرەت خێرا وەرە و ... بگەرە لام بۆ سەمایەکی دۆزەخین دەسم بگرە و تا سووتانی بەردەم خودا بمڕفێنە و هەر لەوێدا بە پەڕەمووچی عەشقێکی تاق و تەنیا کڵپە ... کڵپە لە ناو کۆتەڵێکی شیند وێنەی مامزێ بکێشە کە لە وڵاتی چەقۆدا زۆر کەم ژیا! ئەی 'با'ی حەسرەت سەما، سەما، سەما، سەما بە دەوری ئەو مامزەدا بە دەوری ئەو ئەوینەدا و لەگەڵ مەرگێکی تەنیادا سەما و سەما ئەی 'با'ی حەسرەت تۆ ماندوویش بی، ماندوو نابم لەبەر ئەوەی ئەم سەمایە سەمای ئەبەدیی عەشقێکە هەتا ڕەنگەکان بمێنن دوایی نایە (کۆتایی شانۆنامە)]