محەمەد کەماڵی

نەتناسیوم داگیرکەر

بە دەنگی: محەمەد کەماڵی
شێوەزار: سۆرانی
7
نەتناسیوم بەرهەمدزی پیت و فەڕبەر
هەڵت کردە ڕەشەبای وڵاتپڕووکێن و
وات ئەزانی من دارەبیی دەم ڕووباری وشک و تینووم
کە بە شنەش بسکی شۆڕی شانە ئەکرێ
بەڵام خۆ من دارەبی نیم
من داربەنی چیای سەخت و گەردنکەشم
ڕاهاتووی وەیشوومەی سڕ و سەرما و سەهۆڵ و گژەبای تەبیعەتم
لە بارەگای ئەگریجەی بووکی ئاواتی سووری منا
تۆفانی هانای هەناسەی سارد و سۆڵت کزتر لەوەس
دەستی بگاتە بەر پێشی کە زەنگی مەرگی لێ ئەدرێ

نەتناسیوم داگیرکەری ماڵ و حاڵم
وات ئەزانی ژیلەمۆیەکی ساکارم
ئاوی هەموو بەحرەکانی ئەم دونیایەت
بەسەر جەستەی منا باراند
بەڵام خۆ من ژیلەمۆ نیم
من شۆڕشی ڕق و قینی چینی چەوساوەی وڵاتم
من هەتاوم
منم بنیادنەری ئاوم
چەندین ساڵە بەرۆکی ئاواتت گرتووم
لە هەر کارێ توانیبێتت
هەر بەڵایێ زانیبێتت
بۆ تێکشکانم بێوچان
هیچ دریغیت لێ نەکردووم
بەڵام من هەر زەق و زیندووم
بەرەو هەتاوی سەربەستی
ڕۆژ لە دوای* ڕۆژ گەشەدارتر
بە تینتر چووم

نامناسی داگیرکەری کار
من دەنگی ڕەوا و بەرحەقی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانم
وادەزانی بە لەشکەر و بە هێرشی مۆغولوارت*
وڵاتم داگیر ئەکەیت و ئاسوودە و سەر ئەنەیتەوە و
منیش وێنەی فەرمانبەردارێکی بەزیو
لە ئاستی بارەگای سامت کڕنوش ئەبەم
وادەزانی بە ویڕەویڕی باڵندەی ئاسنینت
ئاسمانی هیوام تار ئەبێ و
مەلی تیژباڵی سەربەستی و خۆشەویستیم ئەتارێت و
لە ئاستی دڕندایەتیت سوجدە ئەبەم
بەڵام هەیهات
لێرە حەتا مناڵەکان
لە باڵندەی ئاسنینت سڵ ناکەن و
بە لاسایی ویڕەویڕ و تمبە و ترپەت
گاڵتە بە تۆی دوژمن ئەکەن
نەتناسیوم
نەک هەر تۆ
باب و کاڵیشت ساڵەها دەستەویەخەم بوون بمخنکێنن
ئاگری ڕق و قینی سوورم بسرەوێنن
لەسەر ماڵ و حاڵی خۆما چاڵمەرگم کەن
بمڕەوێنن

بەڵام هەیهات
لەوەتەی کە لێوەکانم فێری وشەی ئازادی بوون
شاخ و دۆڵ و دەشت و چیام هاوار ئەکات:
وەرن
وەرن داگیرکەران
من میواندارێکی سووری باوەش ئاوەڵای بێباکم
بە زەبری سەرسوڕهێنەری دەست و چەکی پارێزەرانی شەرەفم
بۆ تەواوی دژی گەلان گۆڕستانێ فراوانم
وەرن! وەرن!
من پەردەبازی بەهەشتی دواڕۆژی زەحمەتکێشانم
هۆنراوە: سولەیمان قاسمیانی (کاکە)
*: لە هۆنراوەی شاعیردا "لەگەڵ" و "وەک مۆغۆلت" هاتووە.