محەمەد ماملێ

عەزیزم بەیانی

بە دەنگی: محەمەد ماملێ
شێوەزار: سۆرانی
6
عەزیزم بەیانی کە گوڵ عەترێ دەڕێژێ
کە بولبول دەناڵێ، کە سۆفی دێتە نوێژێ
لە کونجی قەفەسدا بە سەد ناڵە دەخوێنم
هەناوم نەماوە لەبەر چی نایە شوێنم
لە هیجرانی ویسالت، لە دەوری خەت و خاڵت
هەتا هەم دەخوێنم دەناڵێنم
هەتا نەوگوڵی خۆم وەدەست دێنم
خەزێمێ خەزێم گیان لەبەر چی نایە شوێنم
لەبەر چاوی جوانت لەبەر جەرگی بە خوێنم

گوڵ و لالە پشکووتن دەور دەوری گوڵانە
گوڵی من دەپشکوێ بەهاری دوو دڵانە
کە بولبول دەناڵێ دەڵێ کوا گوڵی سوورم
هەناوم نەماوە دەمێکە لە تۆ دوورم
دەڵێن ئەوڕۆ بەهارە، بەهاری دوو دڵانە
کە بولبول دەکا ڕازی دڵداری
دەگەڵ کۆنەیارێ جەفاکاری
بەهارە عەزیزم، بەهاری دوو دڵانە
کە بولبول دەخوێنێ لەسەر پەڵکی دڵانە

لە باغی گوڵاندا ئەتۆی تاقەگوڵی من
ئەتۆی نووری چاوم، ئەتۆی بەندی دڵی من
لە باغی ویسالت دەبێ غونچە بچێنم
لە هیجری ویسالت بە سەد ناڵە دەخوێنم
لە هیجری تۆ دەناڵم، عەزیزی ڕوو بە خاڵم
دەکێشم بە دڵ ڕازی دڵداریت
دەگەڵ کۆنەیاری جەفاکاریت
دەمێکە بڕێژم لەسەر تۆ خوێنی سوورم
برینم بە ئێشە دەمێکە لە تۆ دوورم

هەتا کەی بڕێژم سروشکی سوور و ئاڵم
کەژاڵی عەزیزم لە هیجری تۆ بناڵم
ئومێدم نەماوە مەگەر لوتفی ئیلاهی
کە خوێنم دەڕێژن بە جورمی بێگوناهی
وەرە ڕوحی ڕەوانم، گوڵی بۆنخۆش و جوانم
بە بێ تۆ ژیانم نەبێ چاکە
ئومێدم بە دەرگاهی بێباکە
لەسەر تۆ دەڕێژم سروشکی سوور و ئاڵم
لە هیجری ویساڵت شەو و ڕۆژێ دەناڵم
هۆنراوە: هاشم نانەوازادەگان