حەمە ساڵح دیلان

پاییز

بە دەنگی: حەمە ساڵح دیلان
شێوەزار: سۆرانی
439
ئەکەوتە ڕێ هەوری پەڵەی پاڕاوتر
بە فرمێسکی بای بە پەلەی لای گەرمەسێر
سنگ کوتەر بوو تەکاننەر بوو وەکوو لاوێ
لە ڕێگای ئاواتی چەن ساڵەی جێ ماوێ
تیژ ڕی و ڕوو بە پەرۆش بوو بۆ سەر چیا
بۆ سەر پووشی زەرد هەڵگەڕاو جاران گیا
جارانی سەوز سەر ڕازاوە بە مرواری
بە شەونمی بەهاری لای کوردەواری
جارانی مەست بە بۆنی شەرابی بەهار
پیاڵەکەی پەڵەی گوڵ بوو تا دەم نزار
جاران ئاژەڵ ڕووەو پەچەو بەرەو کۆز بوو
ڕۆژگار کورت و چاوی خەواڵووی وەنەوز بوو
شوان کۆڕی شەو گەرمکەر بوو بە فووی شمشاڵ
جووڵەی ئەدا بە دەماری هەست و خەیاڵ
پاشان نۆبەی بەستەی دەمی هەرزەکار بوو
ئامان ئامان بوو سرووشتی کردگار بوو
بەستە ئەڵێن ئەوی ئەیڵێن نایڵێنەوە
هەتا کەیبانوو لە فرمانی شەو ئەبنەوە
هەتا سپێتی ئەکەوتە ناو ڕەشایی
ورتە و سرپە پەیا ئەبوو بە ئەسپایی
بەستە ئەڵێن ئەوی ئەیڵێن نایجوونەوە
هەتا بێدار لە گریانی شەو ئەبنەوە
شەوی جاران خۆشەویستی دەستی لە ڕێز بوو
بازووی مەردی لە مل و گەردن ئاوێز بوو
هەستی فرمان ڕێکخستنی ڕێچکەی ژیان
گوزەرانی ئاسوودەیی و ئاڵ و گۆڕی سادە و نیان
یاسای بە نرخ وگرانی ئەم خەڵکە بوو
بێ فرمانیش فرمانداری ئەو کەڵکە بوو
ئەم وڵاتە پڕ لە پیت و پڕ سامانە
جێگەی فەڕ بوو پڕ بوو لە شەقڵی پیاوانە
ئەوا دیسان پاییز هات گەڵاڕێزانە
هەوری پەڵە ڕووە و شاخ و بەرەو کوێستانە
بەڵام ئیستا و شەوی ئێستا چۆن بە جۆش کەم
گری کۆڕی ساردەوە بوو بە چی خۆش کەم
ئەم شەوە تاریک و تونە چۆن ڕۆشن کەم
ئەم سەرە گێژ و شیواوە چۆن هۆشن کەم
ئەی هەورەکە دایڕێژە سەری تشرینە
وادەی پەڵە و ناشتنی تەرمی هاوینە
نۆرەی تۆیە بگری بەسەر هەموومانا
بەسەر ئێسک و پرووسکی ڕابردوومانا
بیشۆرەوە با سەر لە دەستی دیاری بێ
با قوڕ خەست بێ و بۆ سەری شەرمەزاری بێ