ئەسعەد قەرەداغی

فریشتەی مۆسیقا

بە دەنگی: ئەسعەد قەرەداغی
شێوەزار: سۆرانی
217
بە ڕەنگی زەرد و شێوەی دەست و شمشاڵی کزا دەروێش
حەزم کرد بەستەیەک ببیەم سەراسەر حوزن و ماتەم بێ
لە سیماتا بەدیم کرد هەیکەلی عومرێکی حەسرەتکێش
وەها دیارە کە بەختت ئاشیانی بولبولی خەم بێ

بەڵێ دیارە لەناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار
وەکوو عەکسی قەمەر وایە لەناو حەوزێکی لیخندا
بەڵام تەختی ڕوفاهـ و تاجی حورمەت میللەتی هوشیار
بە ئوستادێ ئەدا وەک تۆ لەناو شمشاڵی کونکوندا

نە حەرفی مەکتەبێکت خوێند، نە ئوستادێ پەلی گرتی
سیرف بەرزیی زەکا ئەم سنعەتەی فێر کرد بە شمشاڵت
هەموو وەزنێکی گۆرانی، لە توولانی هەتا کورتی
بە سەرپەنجەی هونەر کردت بە دیلی کۆششی زاڵت

ئەوەندەم بیست لە مۆسیقا خرۆشی ڕۆحی بێگانە
میزاجی کوردەواریم تێک چووە ئەی دەروێش عەبدوڵڵا
دەخیلت بم دەسا بەو لاوک و ئای ئای و حەیرانە
شەپۆلی زەوقی میللی پڕ دەروونی مات و چۆڵم کە
بە ڕەنگی زەرد و شێوەی دەست و شمشاڵی کزا دەروێش
حەزم کرد بەستەیەک ببیەم سەراسەر حوزن و ماتەم بێ
لە سیماتا بەدیم کرد هەیکەلی عومرێکی حەسرەتکێش
وەها دیارە کە بەختت ئاشیانی بولبولی خەم بێ