شێرکۆ بێکەس

سەعاتەکانی وەڕسبوون

بە دەنگی: شێرکۆ بێکەس
شێوەزار: سۆرانی
531
لە ماڵەوەم
ئەمەوێ ئەمشەو تەنیایی پاڵ پێوە نێم
تا بچمە دەرەوە
منیش بۆ خۆم ئازادانە
لەو ڕەقیبە مل باریک و چاو زۆر زەقە
دوور کەومەوە
زۆر ئاسانە
تەلەڤیزیۆنەکە ئەکەمەوەو
هەڵپەڕکێ و دەهوڵ و زورنا ئەدۆزمەوە
ئەمەش گەڕانێکی کەمی ئەوێ و
وەختێ ئەزانی هەر زوڕنا و هەر دەهۆڵە و
هەموو هاتوونە ماڵەوە و
تەنیایی گوێچکەی کەڕ ئەبێ و
مەجبوورە ڕاکاتە دەرێ
هەرواشم کرد
تەلەڤیزیۆنم کردەوە
کیژی بێژەر
دەم و چاو خڕ
وەک گۆی زەوی
قژێکی ورد
هەر بە قەدەر کورتە هەواڵ
قسەی خێرا
وەک ڕۆیشتنی دێڕەکانی بنی شاشە
بلووزێکی پڕتەقاڵی
سەر پرتەقاڵ
نەمزانی بۆ دەستێکم برد بۆ پرتەقاڵی سەر مێز و
بۆنێکم کرد
دەنگێکی خۆش
ئەتوت گوێچکەم
بووە بە لووت
بۆنی وەنەوشەی دەنگیم کرد
ژنی بێژەر گەیشتبووە سەر شەقامی
دوا دێڕی ناو هەواڵەکان،
پرتەقاڵی بێژەر وتی:
ئەم ئێوارەیە «زەمین لەرزەیەک»
بە پلەی شەش لەسەر پێوانەکەی ڕێختەر،
دای لە بەشی سەرووی «یابان»،
تووڕە بووم و هاوارم کرد:
زەمین لەرزەی چی ژنەکە؟
زەمین لەرزەی چی پرتەقاڵ؟
بوومەلەرزە... بوومەلەرزە
ئەم زمانەیش هەموو جارێ
بەر بوومەلەرزە ئەکەوێ و
بە پێوانەی... تۆفیق وەهبی و
بە پێوانەی هێمن ... هەژار...
شەوێک نییە
لە دوو سێ لاوە ... نەڕووخێ.
هاوارم کرد ...ئەی پرتەقاڵ،
مەڵێ «یابان»...بڵێ «ژاپۆن»... ژاپۆن
وەکو وڵات
ئەم زمانەیش چی بەسەر هات؟!
لەداخاندا ... تەلەفزیۆن ئەکوژێنمەوە،
دیسان تەنیایی دێتەوە و بەرامبەرم دائەنیشێ.