
خاکی کووچەی یارەکەم ئیکسیری ساغی و ژینمە
جوانی ڕوخساری و نیگاری هێزی ئەژنۆ و تینمە
بۆچی بەم دەردەم ئەبا خۆ خۆی دەزانێ حاڵەکەم
بۆ قژی ئاڵۆز و لوولی دایمە هەر شینمە
هەر وەکوو پووش و پڵاش کەوتووم لە کووچەی یاردا
گێژەلووکەش نامفڕێنێ چوونکە کەعبەی دینمە
گەر بە بێ تۆ بچمە سەیری باخ و سەرو و شۆڕەبی
تف لە سەرو و شۆڕەبی، بێ تۆ لە هەر دوو قینمە
خەڵک ئەڵێن کفرە مەکە بەم تەرحە وەسفی یاری خۆت
گوێگرانی خۆشەویست من یارەکەم ئایینمە
کەی خەیاڵم بێتە دی یاران بڵێم ئۆخەی منم
وا کە قۆڵی یاری خۆم شەو لە ژێر باڵینمە