محەمەد ماملێ

خاکی کووچەی یارەکەم و من دەڵێم

بە دەنگی: محەمەد ماملێ
شێوەزار: سۆرانی
627
من دەڵێم شاری دڵم باغ و گوڵستانە دەچم
عەقڵ ئەڵێ ناقەسەبە شۆڕشی مەستانە نەچی

من دەڵێم نوختەیی ئەو ڕەوزەنی ئیمانە دەچم
ئەو دەڵێ نا، ڕەشە جێ ڕاوگەیی شەیتانە نەچی

من دەڵێم جێگەیی هەر شێت و جنوونانە دەچم
ئەو دەڵێ نا زەدەیی پەنجەیی پەریانە نەچی

من دەڵێم مەسکەن و ئارامگەیی جانانە دەچم
ئەو دەڵێ سەربەسەری تێک چووە وێرانە، نەچی

من دەڵێم مەرکەزی ئەسراری حەریفانە دەچم
ئەو دەڵێ جێ تەمەعی چاوی حەسوودانە نەچی

من دەڵێم وەختی خەتەر مەئمەن و قەڵغانە دەچم
ئەو دەڵێ کون کونە جێگەی سەری پەیکانە نەچی

خاکی کووچەی یارەکەم ئکسیری ساغی و ژینمە
جوانی ڕوخسار و نگاری هێزی ئەژنۆ و تینمە
بۆچی بەم دەردەم ئەبەی خۆ خۆت ئەزانی حاڵەکەم
بۆ قژی ژاکاو و لوولت دایمە هەر شینمە

هەر وەکوو پووش و پەڵاش کەوتووم لە کووچەی یاردا
گێژەلووکەش نامفڕێنێ چوونکە کەعبەی دینمە
گەر بە بێ تۆ بچمە باغ و سەیری سەرو و شۆڕەبی
تف لە سەرو و شۆڕەبی، بێ تۆ لە هەردوو قینمە

خەڵک ئەڵێن کفرە مەکە بەم تەرحە مەدحی یاری خۆت
گوێگرانی خۆشەویست من یارەکەم ئایینمە
لەم هەموو چوون و نەچوونە سەری سووڕما کامیل
من دەڵێم جوانە بچم ئەو دەڵێ وا جوانە نەچی
هۆنراوەی مەقام: هاشم نانەوازادەگان