وەکوو نەی کون کونە جەرگم لە تاو هیجرانی تۆ بۆیە
بە سۆزی نەی دەسووتێم و بە نەغمەی نەی دەناڵێنم
ئەمان ئەی موتریبی مەجلیس بە حەققی تاری ڕۆحانی
بڵا بێ نەغمەکەی سازت کە ئاوی ئاوری هیجرانە
ئەتۆ ئەی ڕۆحەکەم ساقی ئەتۆ ئەی عومرەکەم موتریب
پەیاپەی لێدە چەنگ و نەی دەمادەم بێنە پەیمانە
بە تیری غەمزە بملاوێنەوە زوڵفم لە گەردەن کە
بەسەر هاتوومە مەیدانت بە دڵ بۆت بوومە نیشانە
دەمێکی مەست و بیمارم دەمێک بێهۆش و هۆشیارم
چ کەس نازانی دەردی من مەگەر ئەو چاوە کاڵانە
هەناسەی عاشقان با نەدگرێ بێمروەتی تا کەی
بترسێ ئەو گوڵی نازک بەدەن لەو بایی زریانە
ئەگەر زوڵفت وەکوو من عاشقی ڕووی تۆ نییە بۆچی
سەراپا تێک چووە کەوتۆتە بەرپێت دەست و دامانە
وەفایی بۆ گوڵێکی سەرو باڵا شێت و شەیدایە
وەکوو قومری دەناڵێنێ وەکوو بولبول غەزەلخوانە