من دارێکی تازە هەڵچووم، بنارەکەم کوردستانە
بێچووە مەوجی ڕووبارێکم سەرچاوەکەم کوردستانە
ئەو لە چاوی مندا دەنوێ و من لە چاوی ئەودا دەنووم
ئیتر یاران دوور لە یادی ئەو وڵاتە من چۆن دەنووم
کە ئەو چەشنی چڵی برژانگ بەری دییەم لێ چۆڵ نەکا
کۆترە شینکەی خوێنی دڵ بێ و بانووی ڕۆحم لێ چۆڵ نەکا
بۆیە یاران تا بمێنم، وەکوو بولبول بۆی ئەخوێنم
نەغمەم بۆ خاک، دڵم بۆ خاک، هەر بە کوردی دەچریکێنم
من دارێکی تازە هەڵچووم، بنارەکەم کوردستانە
بێچووە مەوجی ڕووبارێکم سەرچاوەکەم کوردستانە
بە پیری خاک مشتێ خاکی بە گشت گەنجی دنیا نادەم
شنە و کزەی شەماڵێکی بە گشت دوورگەی دنیا نادەم
لەبەر دڵما شەکری ڕووتە، بەهەشتی وا نابێتەوە
هەتا مەحشەر خاکێ تر وا، بە ژیاندا نایێتەوە
بۆیە یاران تا بمێنم، وەکوو بولبول بۆی ئەخوێنم
نەغمەم بۆ خاک، دڵم بۆ خاک، هەر بە کوردی دەچریکێنم