چۆپی فەتاح

دۆی دادە

بە دەنگی: چۆپی فەتاح
شێوەزار: سۆرانی
277
دەڵێن دۆی دادە ڕژاوە
بۆیە وا کز و داماوە
نەخێر منداڵان درۆیە
دادە گەلێ دادە گەلێ گەلێ
لەمەی زیاتر لێ قەوماوە
سێ کوڕی ئەنفال کراوە
سێزدە جار ماڵی سووتاوە
گوندەکەی خاپوور کراوە
نانی سواڵ نەبێ شک نابا و
برسێتی تینی هێناوە
هەرچی خزم و کەسی هەیە
لە کەرکووک وەدەر نراوە
دەڵێن دۆی دادە ڕژاوە
بۆیە دادە وا کز و داماوە

چوار برازای وا دوو ساڵە
ڕوویان لە ئەوروپا ناوە
یەکێکیان لەسەر سنووری دەسکرد
بە دەستی تورکان کوژراوە
یەکێکیان لەناو ئاوی ئیجەدا خنکاوە
یەکێکیان لە یۆنان تێ ماوە
یەکێکیان لە ئاڵمانیا لە بەهەشتی ئەوروپادا
دۆزەخی بۆ ساز کراوە
بێ ئیش بێ زمان بێ پاسەپۆرت
دەڵێن مێشکی لە دەست داوە
دەڵێن دۆی دادە ڕژاوە
بۆیە دادە وا کز و داماوە
دادەی هەژار کوا دۆی ماوە

نا نا منداڵان درۆیە
دادەی هەژار کوا دۆی ماوە
دەمێکە مەڕ و ماڵاتی بردراوە سەر بڕدڕاوە
مێردی دە ساڵ پێشمەرگە بووە
ئێستا ناویشی نەماوە
دوو کچی هەن بێوەژنن
کۆڵێ منداڵی برسییان تێ ئاڵاوە
کچێکیشی هەر بە سەوزی هەڵووشراوە
نا نا منداڵان درۆیە
دادەی هەژار کوا دۆی ماوە
دەڵێن دۆی دادە ڕژاوە
بۆیە دادە وا کز و داماوە
دەڵێن دۆی دادە ڕژاوە
دادەی هەژار کوا دۆی ماوە