هێمن موکریانی

سازی ناساز

بە دەنگی: هێمن موکریانی
شێوەزار: سۆرانی
823
بولبولی باڵشکاوی وەختی گوڵم
هەر شەپۆلان دەدا دڵی لە کوڵم
کوردی بەندیی بەیانی نەورۆزم
گڕی گرتووە دەروونی پڕ سۆزم
موغی بێ ئاگری شەوی یەڵدام
چاوەڕێی چارەنووسی ناپەیدام
کەوی بێدەنگی نەوبەهارانم
گوڵی بێڕەنگی چاو لە بارانم
کونجی جێژوانی چۆڵ و خامۆشم
سێبەری نازەنینی ڕەشپۆشم
دەستی بەربووی کچی گەڕی شاییم
هەستی خنکاوی لاوی سەوداییم
ژیلەمۆی ئاگری بەیانانم
باوکی فرمێسکم و کوڕی ژانم
باڵە سووتاوەکانی پەروانەم
شووشە بادەی بەتاڵی مەیخانەم
چڵە ڕیحانی دوورە دێراوم
سازی ناسازی هەڵپەسێراوم
تکە ئاونگی سەر گەڵای زەردم
خەستە و دەردەداری چی دەردم

ئاخرین تیشکی خۆری پاییزم

شاعیری پیری توڕە و زیزم
چۆن دەتوانم بە تۆ بڵێم من چیم
خۆم گومانم هەیە کە هەم یا نیم