خاتوونەکەم
بیستووتە ئاسمان چەن دوورە
من بارتەقای دووری ئاسمان خۆشم دەوێی
بیستووتە دەریا چەن قووڵە
بەقەد قووڵی گشت دەریاکان خۆشم دەوێی
گیانەکەم تۆ نووسراوێکی
دێڕت بەقەد تاڵی پەرچەم
من چوار ساڵە دەتخوێنمەوە
چەن باڵی بیرم لێک دەدەم
نە تێر دەبم
نە تێت دەگەم
زۆر دەترسم
لە ناو دێڕی شەعرەکانما شار بتناسێ
کامێرای چاوی مەرگەوان وێنەت بگرێ
هەڵیواسێ
زۆر دەترسم
گەر بتناسن پەنجەکانم هەڵوەرێنن
شابسکی تۆش بسووتێنن
بەڵام هێشتا من دەربەست نیم
هەرچیم دیوە
هەرچیم بۆ چاوت نووسیوە
نایشارمەوە
تا چۆک بدا لە دەروونتا دێوی گومان
تا گەورە و بچووک بزانن خۆشم دەوێی
خۆشم دەوێی سەد بارتەقا دووری ئاسمان