نەمردم من ئەگەر ئەمجارە بێ تۆ
نەچم شەرت بێ هەتا ئەو خوارە بێ تۆ
دەروونم خاڵییە وەک نەی دەناڵێم
هەوارێکی چ پڕ هاوارە بێ تۆ
بیناییم کوێرە هەڵنایە بە ڕووی کەس
موژەم یەک یەک دەڵێی بزمارە بێ تۆ
قەسەم بەو شەربەتی دیداری پاکت
شەرابم عەینی ژەهری مارە بێ تۆ
لە کن تۆ خار و خەس گوڵزارە بێ من
لە لای من خەرمەنی گوڵ خارە بێ تۆ
لە کن من با وجوودی ناس و ئەجناس
کەسی تێدا نییە ئەم شارە بێ تۆ
هەتا تۆم ئاشنا بووی، ئاشنام بوون
ئەمێستا موو بە مووم ئەغیارە بێ تۆ
هەموو ڕۆژێ لە تاو هیجرانی ئەمساڵ
تەمەننای مردنی پێرارە بێ تۆ
لە حەسرەت سەروی قەددت چاوی نالی
دوو جۆگە، بەڵکوو دوو ڕووبارە بێ تۆ