تاهیر تۆفیق

شیرین بەهارە

بە دەنگی: تاهیر تۆفیق
شێوەزار: سۆرانی
671
شیرین بەهارە بەهاری شادان
بێبەهرەن لە ژین گەل نامرادان
جەژن و بەهار و سەیران و خۆشیی
گشتی پیرۆزی گەردن ئازادان

شیرین ئەزانم کە تۆش زامداری
وەک من عەوداڵی خونچەی بەهاری
هیوای تۆ یەکە هیوای من هەزار
من بێزار نەبم تۆ بۆ بێزاری

مەژی بۆ مردن بمرە بۆ ژیان
چۆن قازانج ئەکەی تا نەکەی زیان
لە زڕەی زنجیر دڵت نەلەرزێ
پێوەند بۆ لەشە نەوەک بۆ گیان

بێ دابنیشین لە بن هەناران
کۆڕێ ببەستین چون مەی گوساران
با ساتێ ناوی لە یادا نەبێ
مەرگی جوانان گریەی هەژاران

بێ دابنیشین لە بن داری بەی
نەختێ بنۆشین لە خۆشاوی مەی
ئەوجا دەزانی کامیان جوانن
بەی ڕەنگی گەردن مەی ڕەنگی گۆنان

بێ با بۆت بکەم باسی جوانیم
ڕۆژانی بەرخیم شەوانی شوانیم
کۆرپەی ئازیز بووم شوانکارەی شادی
ژیام بە خۆشی هەتا توانیم

ژیام سەردەمێ بە کەیف و خۆشی
بە شادی کڕین بە خەم فرۆشی
تاکو پێمکرا شەرابم نۆشی
هەتا توانیم ڕوومەتیم مژی

ئەوساکە چوومە ڕیزی دڵداران
پێی وتم سەردار هۆزی هەژاران
بێ دابنیشین لە بن دیواران
زنجیر لە گەردن چوون گونەهکاران

شیرین هەتا کەی دووریت بچێژم
فرمێسکی خوێنین تا کەی بڕێژم
تاکەی لە گۆشەی دڵی زارمدا
خونچەی جوانی و گەنجی بنێژم

بێ دابنیشین دیدە پڕ ئەسرین
تۆ بگری بۆ خۆت منیش بۆ شیرین
وا بەهاریش هات کەژ و کێو ڕەنگین
دڵەی عالەم شاد دڵەی خۆم غەمگین