بەڵێن بدە
کە تاریکیم بۆ ڕانەخەی
بەڵێن بدە
کە شەختەبەند ناخەیتە بەر پێم
منیش بەڵێنت پێ ئەدەم
دان بە ڕابردووما بنێم
پێش چاوی تۆ
لە پەرداخی وەنەوشەیی
چاوی ترم پێک هەڵداوە
پێش نامەی تۆ
قژی گەلێک نامەی ترم داهێناوە
پێش سنگی تۆ
زۆر سنگی تر
چەپکەگوڵی تەزووی سووریان بۆ چنیوم
پێش ژوانی تۆ
زۆر ژوانی تر
ڕێگەی دووریان پێ بڕیوم
شاعیرێک بووم
گەرووی وشکم
بە دوای قومێک ئاوا وێڵ بوو
بۆ بارانی هەر ئاسمانێک نووشتامەوە
ئاوی لێڵ بوو
گەر ئەتەوێ خوێنی دەماری شیعرم بیت
داستانێک بیت بێکۆتایی
گەر ئەتەوێ
خۆشەویستیت بەدوایدا نێت
ماچی سەردی ماڵاوایی
بەڵێن بدە ئاسمانم بیت
بەڵێن بدە
هەناسەم بیت سێبەرم بیت بارانم بیت
تاکوو منیش شانۆی کۆنم جێ بهێڵم
دەمامکی ڕووم فڕێ دەم
دوو باڵی پڕ خۆشەویستیم
لە گەردەنت گرێ بدەم