شێرکۆ بێکەس

دوا مەنزڵ

بە دەنگی: شێرکۆ بێکەس
شێوەزار: سۆرانی
461
تۆ هەر بڕۆ هەر بڕۆ
هەتاکوو ئەگەیتە ئەستەموڵ
لە کەنار بۆسفۆردا ژنێکی سێحراوی
لە شێوەی شەهرەزادا ئەبینی
کەمەندێ هەڵئەدا و خۆت لادە و نەتگرێ و
نەتخاتە ناو داوی لەشیەوە و
دەرباز بەو و هەر بڕۆ
هەر بڕۆ
هەتاکوو ئەگەیتە ئەسینا و لە چەقی
سەنتەردا ئەفرۆدیت ئەبینی و ئەیەوێ
بتباتە ماڵەوە بەهێز بە و لا مەدە
هەر بڕۆ هەتا ئەگەیتە پاریس و
لەو شارە شۆخەیشدا تۆ ئەلیزا ئەبینی و
ئەیەوێ بە شیعری ئاراگۆن مەستت کا و
لا بدەی
لا مەدە، هەر بڕۆ
هەر بڕۆ
هەتا ئەگەیتە شاجوانی شارێکی
گوێ زەریا پۆلێ کچی نیوە ڕووت
دێنە سەر ڕێگاکەت باوەشت پیا ئەکەن
حەز ئەکەن بۆ شەوێ بتخەنە ناو سنگ و بەرۆکیانەوە بەهێز بە و لا مەدە و هەر بڕۆ و
هەر بڕۆ
ئەچیتە زەریاوە
تۆ ئەبی بە ماسی و هەر بڕۆ
هەفتەیەک، دوو هەفتە، زیاتریش
نە لە لای مرواری و نە لە لای مەرجان و
نە لە لای ئەستێرە و نە لە لای بەحریش لا مەدە
هەتا ئەگەیتە وشکانییەکانی یو.س.ئەی
هەر بڕۆ هەر بڕۆ و هەتا فێرفاکس
ئەچیتە بەردەمی خانوویەکی دوو نهۆم

لێرەدا لا بدە و سەرکەوە
خۆت ئەکەی بە ماڵێکدا
نە لە ژوور نە لە هۆڵ لا مەدە
ئەمجارە لا بدە و ئەچیتە موبەقێ
خۆیەتی ژنێکی لاوازی سەر لەرزۆک وەکوو پاییز
پێست چرچ و چاوکز و فەقیانە هەڵکراو ئەبینی
شەفیقە سەعیدە، خۆیەتی و
ماچی کە و ماچی کە و
ئەمجارە دانیشە و هەر مەڕۆ

ئەم دەنگە لە کۆچکردوو شێرکۆ بێکەس ناچێت، تکایە ئەگەر دەزانن دەنگی کێیە لە ڕێگەی بەشی "ڕاپۆرتی هەڵە" بۆمانی بنووسن
سپاس