کاروان کاروان
کێ نوستووە کێ بێدارە
ئەم ڕێگایە پێیدا دەچن
هەر ڕێگا کۆنەکەی پارە
دەوروبەرتان گورگە لوورە
چەقەڵ کاسەی سەر
و گۆشتی دڵتان ئەخوات
ئەوەندە تاریکی چڕە
جندۆکە کۆرپەتان دەدزێ
پێ نازانن!
چاوتان لە ناو تاریکیدا
تا ئەم خوارە هەتەر ناکات
بیرتان ئاسمانێکی تەسکە
هێندە بەرچاوتان تاریکە
نازانن ڕۆژ لە ئاسۆی کام پێدەشتەوە سەر هەڵدێنێ
هەر بە تەشییە کۆنەکەتان دەیڕێسن و لە بیری نوێ سڵ و سرکن
هەر ئەڕۆن و هەر بە ناخی قووڵی زوڵمەتا ڕۆ دەچن
چراکانیش کز ئەسووتێن
هێندێ چرایش چاوی گورگن
کاروان کاروان
هۆ کاروانی سەرلێشێواو
لە شەوگاری ئەنگوستەچاو
گۆچانی شک دەلاقەیەک ناکاتەوە
مەشغەڵ مەشغەڵ
مەشغەڵی بیر
چرای ئەندێشەتان هەڵکەن
ڕێگا و ڕەوتی هەنگاوەکانتان بگۆڕن
ئەم ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن
زۆر کاروانی پێدا ڕۆی و نەهاتەوە
کاروان کاروان
بۆ کوێ دەڕۆن
ئەم هەورازەی وەک مێروولە
پێدا ڕێچکەتان بەستووە
دەتانباتە هەڵدێرەکەی ساڵی پێشوو
ئەو بنارەش
وا بە ئێسک و کاسەی سەرتان داپۆشراوە
دەگاتەوە بەفرەچاڵی کلیلەی ڕندوو
کاروان کاروان
ڕێگای تازە بدۆزنەوە
کاروان کاروان
ڕێگای تازە بدۆزنەوە