سەعدوڵا نەسیری

لەبەر دەرگە

بە دەنگی: سەعدوڵا نەسیری
شێوەزار: سۆرانی
217
شەو ڕاشکا
ئەژنۆم شل بوو
مانگ بە تاقی ئاسمانەوە هەڵپڕووکا

دەرگەکەتم لێ بکەوە
ئەمشەو هاتووم
بۆ چنینی
چەپکە نێرگزێکی چاوت

بۆ وچانێ
بۆ خەونێ
تۆزە گریانێ
لەسەر هەوری قژی خاوت

ئەمشەو هاتووم
ترووسکاییی شاری یادگار بانگی کردووم
لەگەڵ سیمای مناڵیما
لەگەڵ خەمی شۆڕەبیما
هاتووم و ناگەڕێمەوە
یا پێت دەگەم
یا وەک مۆمێک
دەسووتێم و دەتوێمەوە

دەرگەکەتم لێ بکەوە
هەر دڵدارەکەی جارانم
هەر کێڵگەکەی بەر دەرگەتم
هەر تینووەکەی کڕێوە و
لزمەی بارانم

دەرگەکەتم لێ بکەوە
من ئەو کەسەم
تا دوێنێ بووم
لەناو گەرووی ڕووناکیدا دەتشاردمەوە
لەناو جامی مەترسیدا دەتخواردمەوە

کات لە ژێر باڵی ئاسماندا
خەریکە باوێشک ئەدا
شوێن قولەڕەشێکی کپە
دەرگەکەتم لێ بکەوە
شتێک نییە شیرینتر بێ
لە خشپەی پێ و چرپەی چپە

دەرگەکەتم لێ بکەوە
کفت و ماندووی ڕێگای دوورم
وەکوو جاران
کەمێک لە لات دەمێنمەوە و ڕادەبوورم

شەو ڕاشکا
ئەژنۆم شل بوو
مانگ بە تاقی ئاسمانەوە هەڵپڕووکا
دەرگەکەتم لێ بکەوە
دار و بەردی بەر دەرگەتان هاتنە تکا

ئازیز بۆچ ئاوا تاڵانت کردم
بۆچ بە تانەی ناکەست کردم
گوڵی شەرمینم گوڵی نەرمینم تاقانەی ژینم
تۆیش تەنیات هێشتم تۆیش ژەهرت چێشتم

نەتزانی سازم بێ تۆ بێنازە
نەتزانی جەستەم بێ تۆ لاوازە
نەتزانی عەشقت خوای بە من ناساند
نەتزانی دووریت گەروومی تاساند
گوڵی شەرمینم گوڵی نەرمینم تاقانەی ژینم
تۆیش تەنیات هێشتم تۆیش ژەهرت چێشتم

نەتزانی بێ تۆ ڕۆسوا و سەرشێتم
نەتزانی شاهید خاکی بەرپێتم
نەتزانی عەشقت خوای بە من ناساند
نەتزانی دووریت گەروومی تاساند
گوڵی شەرمینم گوڵی نەرمینم تاقانەی ژینم
تۆیش تەنیات هێشتم تۆیش ژەهرت چێشتم