حەسەن زیرەک

زاوا لە بووکێ مەدە ٣

بە دەنگی: حەسەن زیرەک
شێوەزار: سۆرانی
314
ئەرێ دەبڕۆ لە من حەرام بی هەر وەک شەراب لە شێخان
هیچ قەولی ڕاستت نییە غەیری درۆ و تەفرەدان
ئەرێ ئەگەر قەولم دەدەیەی بەڕاستی وەرە کەوان
دەنا بەو نەعلەتە بی کە خودا کردی لە شەیتان
ڕوحمی خودات لە دڵدا نییە کافری بێ دین و ئیمان

زاوا لە بووکێ مەدە تۆخودا لە بووکێ مەدە
لەبەر دەرکەیان ڕاگرتووە جیمس و جیپ و پابێدە
ئەسمەر دەبەم و دەڕۆم دەچمە شنۆ و نەغەدە
شەوگەڕ و داوەت خۆشە مەرد بە لە منی تێک مەدە

ئەرێ نەرم و نۆڵ و گرد و مرد دەستم لە بۆ مەمکی برد
تووشی بووم لە ڕێی کانی داوای دوو ماچم لێ کرد
ڕەبی ماڵم وێران بێ من ئەو کفرەم بۆچی کرد
شەوێ تاکوو بەیانی، دەی بەیانی، تا بەیانی ئەو باسکەم بۆ بکا بە پرد
شەوێ تاکوو بەیانی ئەرێ ئەو باسکەم بۆ بکا بە پرد

زاوا لە بووکێ مەدە دەڵێن لە بووکت داوە
دوێنێ دیم لەسەر کانی، دیم سەر و شەدەی شێواوە
لەبەر دەرکێ بە وەڵا جیمس و جیپ ڕاوەستاوە
ئەسمەر دەبەم و دەڕۆم یەکسەر دەچمە شەقڵاوە

جوانی بەینەڵڵا جوانی دەڵێی مایینی کەحلانی
دە وەرە ئاوێزانت بم شەوێ تاکوو بەیانی
دەردەداری باڵاتم ئەرێ بۆچ بە دەردم نازانی

ئاگاداری باڵای بێ کاک ئەحمەد لە سلێمانی
باسکم وە ژوور سەری دە
باسکم وە ژوور سەری دە خۆشەویستی میوانی
لەبەر ئەو گۆزە دەمرم ئەرێ ناسک دەیبا بۆ کانی

زاوا لە بووکێ مەدە تۆخودا لە بووکێ مەدە
ئەگەر لە بووکێ بدەی دەشێوێ دەسرە و شەدە
لەبەر دەرکێ ڕادەگرم جیمس و جیپ و پابێدە
ئەسمەر دەبەم و دەڕۆم یەکسەر دەچمە نەغەدە
شەوگەڕ و داوەت خۆشە مەرد بە لە منی تێک مەدە

لەبەر ئەو ژنە ڕەشتاڵە قەدی دەڵێی شمشاڵە
من سەر کەمە سەر ڕانت پێم دادە بەو دەسماڵە
گەر گولە پرسی کێیە!؟ بمشێلە بڵێ بێحاڵە
گەر بوو یەکجار چەقەی کرد بمشێلە بڵێ منداڵە

عرووسم جووم ئەرمەنیم دینم بۆ تۆ بەتاڵە
سەعات لە هەشتی شەوێ ماچ کەم ئەو خەت و خاڵە
دە وەرە، دە وەرە با جووت بین سینگت کارگێ لە نواڵە

زاوا لە بووکێ مەدە دەڵێن لە بووکت داوە
دوێنێ دیم لەسەر کانی سەر و شەدەی شێواوە
لەبەر دەرکێ بە وەڵا، بە بیللا، بە دینم، بە ژینم جیمس و جیپ ڕاوەستاوە
ئەسمەر دەبەم و دەڕۆم یەکسەر دەچمە شەقڵاوە
دە بترسە ماڵ وێران زیرەک ڕقی هەستاوە