
چەنێ نابینا بە تەمای چاوە
چەنێ بریندار تامەزرۆی ئاوە
چلۆن گۆی زەوی بە هەوا بەنە
بوونی بوونەوەر بوونی ژەمەنە
بۆ ژیان چەنێ گرینگە هەتاو
مرۆڤیش ناژی بە بێ نان و ئاو
وەک چلۆن ماسی لە ئاودا دەژی
ئەگەر ئاو نەبێ ناتوانێ بژی
منیش بە بێ تۆ ژینم لێ ونە
چونکە دوورم لێت شارەکەم سنە
ئاشق چەند دڵی بە گوفت و گۆیە
جەرگی بە کوڵە و پڕ لە بۆسۆیە
هەنگ چەنێ حەزی لە شیلەی گوڵە
بۆی گوڵیش چەنێ تەسکینی دڵە
چۆن ناڵەی دایکی ڕۆڵە لە دەس داو
ئاگر بەر ئەدا لە جەرگ و هەناو
منیش بە بێ تۆ جەرگم کون کونە
چونکە دوورم لێت شارەکەم سنە