ناسر ڕەزازی

مەقامی ناڵەی جودایی و گۆرانی نازدار و نازدار

بە دەنگی: ناسر ڕەزازی
شێوەزار: سۆرانی
511
ساقییا! وا بادەوە، وا بادەوە
ڕوو لە لای من کە وە جامێ بادەوە
موشتەری وەک من لە مەیخانێ کەمن
زۆربەیان شاد و بەکەیف و بێ خەمن
مەی حەرامە بۆ سەهەندە و بێ خەمان
مەستی بێ خەم بۆ چی بگرن ئێخەمان؟
ئەم شەرابە تاڵە دەرمانی خەمە
لێی حەرام بێ ئەو کەسەی دەردی کەمە
ئەم شەرابە ئاڵە بۆ بێ دەرد نییە
لێی حەرام بێ ئەو کەسەی ڕەنگ زەرد نییە
بۆ کەسێکە مەی: چزیلکی پێوە نێ
بۆ چی ملهوڕ لێرە بینی پێوە نێ!؟

بۆ کەسێکە مەی: کە دەردی کارییە
بێ خەمێک بیخواتەوە، زۆردارییە
بۆ کەسێکە مەی: دڵی پڕ بێ لە داخ
بۆچی لێی بخواتەوە بەرزە دەماخ!؟
ئەو کەسەی بێ کەس نییە و خانە خەراب
دەک بەژاری ماری بێ بادە و شەراب
ئەو کەسەی نەیچێشتووە دەردی ژیان
ئەو کەسەی نەیدیوە ئێش و برک و ژان
ئەو کەسەی نەکرا نیشانەی تیری خەم
شانی دانەخزز لەبن باری ستەم
ئەو کەسەی هەستی بە زۆرداری نەکرد
تێغی زۆرداری برینداری نەکرد

ئەو کەسەی دەستی لە ئەوکێ بەردرا
ئەو کەسەی دوژمن لە ماڵی دەرکرا
ئەو کەسەی نەیبینی هاتی دوژمنی
نیری یەخسیریی لە ئەستۆ داڕنی
ئەو کەسەی هێندە نەبوو زویر و زگار
وا نەکەوتە بەر چەپۆکی ڕۆژگار
ئەو کەسەی نەیهاڕی بەرداشی زەمان
ئەوکەسەی زیڕەی نەگەییە ئاسمان
ئەو کەسەی دووریی عەزیزانی نەدی
تیر و تانەی بێ تەمیزانی نەدی
تۆزی بەدبەختی لەسەر شانی نەنیشت
لێی نەگیرا دەوروپشت و چوار تەنیشت
ئەو کەسەی خواردی و لە بن سێبەر کەوت
شەو لەبۆ کەیفێ لە ماڵ خۆی نەما
بۆ دەبێ بێت و بکا مەیخانە تەنگ!؟
شوێنی دیکە زۆرە بۆ گاڵتە و جەفەنگ

ساقییا، وا وەرگەڕێ، وا وەرگەڕێ
ڕوو لە لای من کە، مەچۆ بۆ سەرپەڕێ
لەنگەرێ بگرە، مەبە وا بەرزەفڕ
بێنە بۆ من، بێنە بۆ من، جامێ پڕ
مەی حەڵاڵە بۆ منی وێرانەماڵ
بۆ منی سەرگەشتەو و ڕووت و ڕەجاڵ
بۆ منی بابردەڵەی گردەنشین
بۆ منی دڵ پڕ لە ناسۆر و برین
بۆ منی ئاوارەو و دوورە وەتەن
بولبولی بێ بەش لە گوڵزار و چەمەن
ساقییا! بۆ کوێ دەچی، بۆ کوێ دەچی؟
تۆش لە بەر ئەو ملهوڕانە ملکەچی؟
تۆش بە ڕەنگ و بۆی ئەوان خواردت فریو؟
چاوی تۆشی هەڵفریواند زێڕ و زیو؟
زێڕ بەڵایە، بێ وەفایە دەوڵەمەند
هەر هونەر نەمرە، هونەروەر مەرد و ڕەند
چڵکی دەستە ماڵی دنیا وەک دەڵێن
ماڵپەرست پەیمان شکێنە و بێ بەڵێن
قەدری جوانی کوا دەزانێ ماڵپەرست
جوانپەرستە پیری خاوەن زەوق و هەست

تا کەی دانیشم نازدار تا کەی نەکەم دەنگ
گەوهەر فرۆش بووم جوانێ مایەم بوو بە سەنگ
گەوهەر فرۆش بووم هاوار مایەم بوو بە سەنگ
نازدار و نازدار ئەی وەی نازدارەی بابی
نازدار و نازدار ئەی وەی نازدارەی بابی
من خۆم زوو زانیم هاوار تۆ بۆ من نابی
بەدناوت کردم جوانێ یاخوا ڕسوا بی

هیچ خۆشیم نەدی نازدار لە ڕووی زەمانە
بووم بە نیشانە جوانێ بۆ تیر و تانە
نازدار و نازدار ئەی وەی نازدارت کردم
بێ سووچ بێ تاوان جوانێ لە خشتەت بردم
منداڵی دوێنێ بووم نازدار تۆ پیرت کردم