نەجمەدین غوڵامی

ئەی باڵداری ئێسک سووک

بە دەنگی: نەجمەدین غوڵامی
شێوەزار: سۆرانی
444
ئەی باڵداری ئێسک سووک
بولبولی دەنووک بچووک
باخچە بە باخچە ئەفڕی
وچانێکی لێ ئەگری
کام سەرچڵ دڵت گرتی
دەنگی لێ هەڵئەبڕی
کام ئاوازە شیرینە
ڕووناکی و نەشئەی ژینە

بە چوار دەوریا ئەپژێنی
دنیا پێ ئەکەنێنی
لە گەرووە بچکۆلانە
ئەم نەغمە بەرز و جوانە
چۆن دێتە دەر؟ چۆن ئەڕژێ؟
وا گیان ئەسمێ، هۆش ئەمژێ؟

منیش دەروونم شاد بێ
ملم لە بەند ئازاد بێ
دەور و پشتم گوڵزار بێ
عومرم یەکسەر بەهار بێ
پەرداخی ئاوم گوڵ بێ
جێی حەسانەوەم چڵ بێ

عەشقم وەک عەشقت پاک بێ
پڕ لە هیوا و ڕووناک بێ
ئەبەدی بێ و پڕجۆش بێ
ئەوەندەی هی تۆ خۆش بێ
منیش ئەی مەلی پیرۆز
بە یەک چریکەی پڕسۆز

بەستەی وات بۆ ئەخوێنم
کە جوان جوان بیلەرزێنم
ڕووی کام گۆم شین و مەنگە
کام درەخت شۆخ و شەنگە
کام شاخ کە سەخت و بەرزە
بیخەمە بوومەلەرزە
کام ئاسمان بێ بنە
ناخی پڕ کەم لە شنە