ئەمن ڕەگێک بووم ڕەگی گوڵەباخ
ڕوابووم، سروشتی، لە داوێنی شاخ
با هەڵیکەندم، با هەڵیگرتم
دەریا بە دەریا دنیای پێ کردم
فڕێی دام لە ناو دڕک و داڵستان
جەرگم هەڵتۆقی لە تاو کوردستان
ئێستاش دەترسم ئاوارە بمرم
لەشم چقڵ بێ، گوڵەباخ نەگرم
بۆن و بەرامەم نەگاتە یاران
جوانیم نەبینن پۆلی دڵداران
هۆزار لە دیارم فرمێسک نەڕێژن
سترانی ئەوین بە دڵ نەبێژن
یاران، هۆزاران سوێند بێ بە ژیانم
عشقی ئێوەیە هەواری گیانم
یادی ئێوەیە سڕڕی مانەوەم
خەمی ئێوەیە هۆی ژیانەوەم
ئێوە دوور نین لێم لە ناو دەماران
خوێنن، خرۆشن لە شەوی تاران
گەر لە دووریشدا سەرم نایەوە
بڵێن گوڵەباخ ڕووسوور مایەوە
ئەمن ڕەگێک بووم ڕەگی گوڵەباخ
ڕوابووم، سروشتی، لە داوێنی شاخ
با هەڵیکەندم، با هەڵیگرتم
دەریا بە دەریا دنیای پێ کردم