شێرکۆ بێکەس

دیسانەوە باوکم

بە دەنگی: شێرکۆ بێکەس
شێوەزار: سۆرانی
1614
مردن
ئێجگار بەو شێوەیە ترسناک و خەتەر نییە وەکوو خەڵکی باسی ئەکەن
من بە باوکما ئەزانم
شەس ساڵ لە لای مردنە و دوێنێ کە هاتەوە ماڵێ گۆڕانی وا نەگۆڕابوو کە ئێمە نەیناسینەوە
ڕاستە مردن دەم و چاوی هەندێ شێعری تا ڕادەیەک پیر کردبوو
ڕاستە مردن هەندێ چرچ و لۆچی تازەی خستبووە نێو قسەیەوە
کەمێک ڕەنگی هیواکانی زەرد کردبوو!
بەڵام هەرگیز نەوەریبوون
لەبیر ساڵ نەچووبوونەوە
باوکم دوێنێ وەختێ گەڕایەوە ماڵێ قەڵەم و کاغەز و گوڵ و دڵی منداڵ و باڵندە هەموویان چوون بە پیریەوە
ئاخر ئەگەر وەکوو ئەڵێن مردن ئەوەندە دڕندە و خەتەر بوایە
ئەوی ئەخوارد و نەئەما و لەبیری شێعریش ئەچۆوە
بەڵام ئایا ئەم مردنە بۆ هەموو کەسێ هەر وایە؟
یان بە تەنها بۆ ئەوانەی کە هەرگیز لێی نەترساون و وەکوو باوکم
سەریان داوە بە ئازادیی و دڵیان کردووە بە چرا و چراشیان داوەتە دەستی خۆشەویستی ئەم دنیایە