لە دەوری پیری مەیخانە سەدایی موتریبان با بێ
لە تاریکی شەوی هیجران چرای دەفعی خەمان با بێ
لە ناو بەزمی حەریفانا لە زومرەی بەزمی ڕندانا
لە ناڵینی غەریبانا دەوای دەردی دڵان با بێ
لە بەر ناڵەی حەزینی من لە بەر شین و گرینی من
لە بەر دەردی برینی من نەسیمی هەم زەبان با بێ
غوڵامی سەروی باڵاتم ئەسیری زولفی تاتاتم
شەهیدی چاوی شەهلاتم قڕانی ئاشقان با بێ
لە هیجرانی خەزان تا کەی بە ئومیدی گوڵان تا کەی
لە نەغمەی بوڵبوڵان تا کەی دەبا فەسڵی گوڵان با بێ
زەمانە بەزمی ڕندانە بدە ساقی بە پەیمانە
لە بەر تەعزیمی مەیخانە بڵێن پیری موغان با بێ
نەماوە حاڵەت و ژینم لە دەس چوو ڕۆحی شیرینم
ڕەفێقان بێن بکەن شینم سەدای گریە و فوغان با بێ
کە ئاشق قوڕبەسەر ماوە سەراپا غەرقی خوێناوە
ئەڵێن دووبارە کوژراوە تەبیبی حاڵزان با بێ