مەقامی یەکەم:
بە قوربان خاکی ڕەنگینی موکریان و مەهابادی
دەڕۆم و هەر ئەویندارم بە شاری شیعر و ئازادی
مەهابادە قەڵای جوانی هەوارگەی شیعر و گۆرانی
لە مێژووی نیشتمانمدا تروسکەی دێ چراکانی
شەرت بێ گوڵی کەس ئازیزەکەم ناکەم بە بۆوە
تا گوڵم بۆ دێ ئازیزەکەم لە خزمەت تۆوە
ئەگەر بەبێ تۆ ئازیزەکەم شادیم لە دڵ بێ
عومری جوانیم ئەی هاوار ئاوێتەی گڵ بێ
مەقامی دووەم:
دەردی دووری دەردی دووری کوشتمی
دەردی هوشیاری و سەبووری کوشتمی
یادی یارانی وڵاتم ڕۆژ و شەو
لێی حەرام کردم قەرار و خورد و خەو
خەمڕەوێنێک لێرە من ناکەم بە دی
چۆن پەنا بۆ مەی نەبەم ساقی ئەدی
نابینم خاک و وڵات و شاری خۆم
نابینم ناسیاو و دۆست و یاری خۆم
ڕوو لە هەر لایەک دەکەم نامۆیە بۆم
نابینم جێژوان و کەونەلانی خۆم
چاوت ئەستێرە ئازیزەکەم ڕوو لە کۆ دەکا
ئەو دڵەم وەسوەسەی ئەی هاوار دڵەی تۆ دەکا
ئەو دڵەم وەسوەسەی ئەی هاوار باڵای تۆ دەکا
دەشتی پشت قەڵا ئازیزەکەم ڕازاوە بە گوڵ
هەر تۆم خۆش دەوێ ئەی هاوار بە گیان و بە دڵ
هۆنراوەی مەقامی یەکەم: #مامۆستا_شەریف
هۆنراوەی مەقامی دووەم: #هێمن موکریانی
ڕابەری ئۆرکێستر: #کاوە_فەقیزادە