خاتوونەکەم!
بیستووتە ئاسمان چەند دوورە؟
من بارتەقای دووریی ئاسمان خۆشم دەوێی!
بیستووتە دەریا چەند قووڵە؟
بەقەد قووڵیی گشت دەریاکان خۆشم دەوێی!
گیانەکەم تۆ نووسراوێکی
دێڕت بەقەد تاڵی پەرچەم
من چوار ساڵە دەتخوێنمەوە
چەند باڵی بیرم لێک دەدەم
نە تێر دەبم،
نە تێت دەگەم!
زۆر دەترسم لەناو دێڕی شیعرەکانما شار بتناسێ
کامیرەی چاوی مەرگەوەڕ
وێنەت بگرێ و هەڵیواسێ
زۆر دەترسم گەر بتناسن
پەنجەکانم هەڵوەرێنن
شابسکی تۆش بسووتێنن!
بەڵام
بەڵام هێشتا من دەربەست نیم
هەرچیم دیوە
هەرچیم بۆ چاوت نووسیوە
نایشارمەوە
تا چۆک بدا لە دەروونتا دێوی گومان
تا گەورە و بچووک بزانن
خۆشم دەوێی
خۆشم دەوێی سەد بارتەقای دووریی ئاسمان!
خۆشم دەوێی سەد بارتەقای دووریی ئاسمان!
هۆنراوە: پەشێو