چاوەڕێی موژدەی نەسیمم تا لە گوڵشەن دێتەوە
بەڵکە فەرمایش بکا گوڵ، بولبولم با بێتەوە
میروەحەی زولفت لە دەوری ئاوری ڕووت بێ، چلۆن
ئاگری عیشقت بە ئاوی چاوی من دەکووژێتەوە؟
سوچی زولفت بوو کە پەروانەی دڵم ڕووی کردە ڕووت
ئاگری وەسڵی شەم و پەروانە شەو دەکڕێتەوە
دڵ لە ترسی چاوی بوو ڕووی کردە مێحرابی برۆی
ئێستە بیستوومە لە چینی زولف جێی نابێتەوە
کێوی هیجرت خستە سەر شان و دڵم پێی خستووە
تا نەگا دەستی بە زولفت زەحمەتە هەستێتەوە
سەد کەڕەت خستمتە گێژ و مەهلەکەی بەحری فیراق
ئاخری قوللابی موژگانت دەرم دێنێتەوە
دڵ ئەوا کەوتۆتە زیندانی خەمت قوربانتم
تایەکی زولفت بنێرە بەڵکە بۆم دەربێتەوە
تۆ خودا تاکەی لە تاریکی شەوی هیجرانی تۆ
دەستەوئەژنۆ دابنیشم، ڕەببی کەی ڕۆژ بێتەوە
بێ ئیشارەی حیکمەتولعەینی شیفات نایێ شیفام
خۆت ئەزانی زامی دووری سەختە خۆش نابێتەوە
فکری من چونکە دەقیقی عاشقی قەددی ئەوە
موو لە موو گیراوە چبکەم لێک جوێ نابێتەوە
هۆنراوە: حەریق