دەبا خەممان خەمی خاک بێ و خەمی خاکمان لەسەر چاو بێ
دەبا گیانی بەیەکبوونمان وەکوو سێبەر لەبەر چاو بێ
دەبا هەمووان قەتارێ بین لە پۆل مەلی خۆشەویستی
خاکپەرست بین گوڵپەرست بین شیرینترە لە خۆویستی
دەبا دڵی کوڕ و کاڵمان بە نیشتیمان ئاشت کەینەوە
تەمی کێوی ڕامانی دڵ لە ناو دڵیان بسڕینەوە
دەبا خەممان خەمی خاک بێ و خەمی خاکمان لەسەر چاو بێ
دەبا گیانی بەیەکبوونمان وەکوو سێبەر لەبەر چاو بێ
دەبا دەنگی بانگی بابان سابڵاغی شین بە نوێژ بێنێ
بزەی قەڵای هەولێرەکەم ماردینی تار بە نوور بێنێ
دەبا شیلە و گەزۆی عەشق بڕژێتەوە دڵی دڵمان
ئەوینی خاک بگرێتەوە پەنجەرەی دڵ وەکوو لەولاو
دەبا هەمووان خاکپەرست بین خاک بە ئاودا نەدەینەوە
کە لێمان ڕۆیی بە قەڕنێ تر بە تۆزی پای ناگەینەوە
دەبا خەممان خەمی خاک بێ و خەمی خاکمان لەسەر چاو بێ
دەبا گیانی بەیەکبوونمان وەکوو سێبەر لەبەر چاو بێ