چەنگیز سیگارچی

خوێنی خاکەلێوە

بە دەنگی: چەنگیز سیگارچی
شێوەزار: سۆرانی
154
شەهید
شەهید ئەی ئاسەواری فەخری دەوران
هەڵۆ تیژباڵەکەی پێشەنگی هەوران
شەهید ئەی کۆتری خوێنینپەڕی هۆز
بڵێسەی ئاگری سوورئاڵی نەورۆز

ئەگەرچی خێوی شەڕ، خواوەندی تاڵان
بە خوێنت سووری کرد دەشتی هەڵاڵان
ئەتۆ ئەی بەرزەفڕ تا ڕۆخی هەستان
دەڕۆی، نابیتە دیلی بەفر و زستان
هەتاوێکی بە گەرمیی خاکەلێوە
لە سامت سڵ دەکەن بەفر و کڕێوە

ئەتۆ نەرمی بە وێنەی ئاوی باران
دەلەرزێنی دڵی بەردی بناران
ئەتۆ شینی وەکوو ئاوی شەتاوان
بەری تۆ ناگرێ زنجیر و پاوان
چرای ڕوونی دەکەی دەیجووری ئاسۆم
وەکوو ئاگر، وەکوو ئاسن، وەکوو مۆم

ئەتۆ بۆ ڕۆژی هەستان وەک برا بووی
ئەتۆ باڵی فڕینی چوارچرا بووی
لە تۆ فێر بوومە وانەی فیکر و ڕاوێژ
لە ورشەی چاوی تۆ سوور بوو گەلاوێژ
ورەت بۆ کانی و گاشەبەردان
هەناسەت بۆ گەرووی پڕزامی هەردان
وەکوو بلوێری شوانێ خەمڕەوێنە
وزەی بزوێنەری گەڕیانی خوێنە

لە سۆزت ناخی من پڕ بوو لە ئاواز
چریکەم دایە بەر پێدەشت و هەوراز
سپێدەی بەربەیان ئاڵا لە دەستم
لەبەر سێدارەکەی تۆ ڕادەوەستم

دەخوێنم بۆت حەماسەی شیعری ڕابوون
دەخۆم سوێندی بە ڕێگەت باوەفابوون
دەخۆم سوێندێ بە خوێنی خاکەلێوەم
کە تا ماوم لە سەر ڕێبازی ئێوەم