شێرکۆ بێکەس

ئێستا کچێک نیشتمانمە

بە دەنگی: شێرکۆ بێکەس
شێوەزار: سۆرانی
727
من چیم ئەویست لە نیشتمان
جگە لەوەی کە نانێک و
کە کونجێکی دڵنیایی و
گیرفانێکی بە حورمەت و
مشتێ هەتاوی ئارام و
بارانێکی خۆشەویستیی و
پەنجەرەیەکی کراوەی سەر ئازادی و
عەشقم باتێ

من چیم دەویست لەوە زیاتر و
نەیدامێ
بۆیە ئیتر نیوەشەوێ
دەروازەکەیم شکاند و
چوومە دەرێ بە ئێجگاری چوومە دەرێ

ئێوارەیە و لە سەر جادەی
سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
نیشتمانی کۆن خەریکە دابچێت و ئاوا ببێ

تۆزێکی تر نیشتیمانە تازەکەی خۆم ڕۆزانا هەڵدێ و پێکەوە

وەک دوو پرسیاری نێر و مێ

تازەو و تینوو
کەڵەگەتتر لە دروشم و لە منارە و

چون بای بێباک لە دیوار و
لە جوگرافیایی حەرام و
دیرۆکی ترس هەردوو بە جووت

قۆڵ لە قۆڵی یەکتریدا

گوڵ بە دەم و هەتاو لە چاو

سەربەرەوژوور ئەبینەوە

بۆ ئەو باخچەیەی عەشق و خەونەی

نە زەرد ئەبێ و نە پیر ئەبێ و

نە ئەیژمرێ